به پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠ی جۆزه‌ردان (٩/٦/٢٠٢٠) به‌ندكراوێك به ناوی ڕه‌حیم یووسفی كه پێشتر به تۆمه‌تی كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست سزای سێداره‌ی به سه‌ردا سه‌پابوو، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سزاكه گواستراوه‌ته‌وه بۆ ژووری تاكه‌كه‌سیی به‌ندیخانه‌ی نه‌غه‌ده.
به‌ڕێوه‌به‌رانی بەندیخانە بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه‌یان ئاگادار كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه ڕه‌زایه‌ت نه‌ده‌ن له ڕۆژانی داهاتوودا سزاكه به‌ڕێوه ده‌چێ. دوای ئەم ئاگادارکردنه‌وه‌یە، ژمارەیەک لە خه‌ڵكی پیرانشار و كه‌سوكاری ناوبراو و هه‌روه‌ها چالاكانی مه‌ده‌نیی ئه‌م شاره بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌زایه‌ت له بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كه له به‌رده‌م ماڵیاندا كۆ بوونه‌ته‌وه.
ڕه‌حیم یووسفی ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵه، خێزانداره و باوكی دوو منداڵه، خه‌ڵكی شاری «سوغانلو»ی پیرانشاری سه‌ر به پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوایه و نزیكه‌ی دوو ساڵ و نیو له‌وه‌وپێش، دوای تێپەڕینی سێزده ساڵ بەسەر ڕووداوەکەدا خۆی ڕادەستی پۆلیسی ئاگاهیی ئه‌م شاره کرد و دانی به كوشتنی نه‌خوازراوی یه‌كێك له هاوڕێكانیدا نا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو ڕایگەیاندووە کە كوژرانی هاوڕێكه‌ی له رووداوێكی نەخوازراودا ڕووی داوە، به‌ڵام دادگا سزای قه‌ساسی بەسەردا سەپاند.