بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ، حوکمی لەسێدارەدانی مورتەزا پیرخزری لە زیندانی سنەدا جێبەجێ کرا، ئەم کەسە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» (قەتڵی عەمد) لە دادگادا حوکمی «قەساسی نەفس»ی بۆ دەرچووبوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر هەواڵی گواستنەوەی ئەم بەندکراوە و بەندکراوێکی دیکەی بە ناوی سەعید موحەممەدیفەڕ بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە بە مەبەستی لەسێدارەدانیان، بڵاو کردبۆوە و وتبووی: «بەرپرسانی بەندیخانە بنەماڵەی ئەم دوو کەسەیان ئاگادار کردۆتەوە کە ئەگەر نەتوانن ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکان بەدەست بهێنن یاخود دەرفەتێکیان لێ وەربگرن، ئەوا لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا حوکمەکە جێبەجێ دەکرێت».
مورتەزا پیرخزری لە حاڵێکدا لە سێدارە درا کە بنەماڵەی سەعید موحەممەدیفەڕ، کە لە دۆسیەیەکی جیاوازدا ئەویش حوکمی قەساسی بۆ دەرچووە، توانیان دەرفەتێکی چەند مانگە لە ئەولیای دەم یان هەمان بنەماڵەی کوژراوەکە وەربگرن.
دەوترێت مورتەزا پیرخزری ٥ ساڵ لەمەوپێش لە حاڵێکدا کە لە بەر بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە دۆخێکی ناجێگیری دەروونیدا بووە، لە دەمەقاڵەیەکدا هاوڕێیەکی خۆی دەکوژێت. ناوبراو دوای ئەم ڕووداوە بەرەو کوردستانی ئێراق هەڵدێت، بەڵام دوای ٣ ساڵ دگەڕێتەوە ئێران و خۆی ڕادەستی پۆلیس دەکات.