هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی دەسڕێژەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان و کوژرانی دوو کۆڵبەر و برینداربوونی لانیکەم ١٦ کۆڵبەری تر لەم ڕۆژانەی دواییدا، دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی شاری سەردەشت لەسەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم ڕووداوانە بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلێگرامییە چالاکەکان لەم بوارەدا کردووە.

بەڕێوەبەری یەک لە کەناڵە تێلێگرامییەکانی شاری سەردەشت لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، وتی: «لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و دوابەدوای کوژرانی کۆڵبەرێک بە ناوی سلێمان ئیبراهیمزادە لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە، دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلێگرامییەکان کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێ سەبارەت بە کوشتنی کۆڵبەران ڕاپۆرت یان هەواڵ بڵاو بکەنەوە».

بە وتەی ئەم چالاکوانە تێلێگرامییە، ئەم دوو دەزگایە وێڕای هەڕەشەکردن لە بەڕێوەبەرانی کەناڵە تێلێگرامییەکانیان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئاگادارکردنەوەکە جێبەجێ نەکەن کەناڵە تێلێگرامییەکانیان دادخرێت و دۆسیەی یاساییش بۆ بەرپرسانیان دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تەنها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت و نەوسوود کوژراون و لانیکەم ١٦ کۆڵبەری تریش بریندار بوون.

پێشتریش تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەواڵی بانگهێشتکردن و هەڕەشەلێکردنی بەڕێوەبەرانی چەندین کەناڵی تێلێگرامیی شاری بانەی بڵاو کردبۆوە کە ئەم هەڕەشانە دوابەدوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی چەند کۆڵبەرێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم شارە ڕووی دابوو.