لە ڕۆژانی ڕابردوودا مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «نەنەڵە» و مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە گشتی سزای ٢٣ ساڵ بەندکران، داماڵینی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی وتاردانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەپێی ئەم حوکمە، مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە بە کۆمەڵەتۆمەتێکی وەک «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ ئاژاوەنانەوە» و «هەڵگرتنی چەکی دەمانچە» بە گشتی سزای ١٢ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ بووشێهر، داماڵینی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی وتاردانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها مامۆستا لوقمان ئەمینییش بە گشتی سزای ١١ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیل، داماڵینی هەتاهەتایی جلوبەرگی مامۆستایەتی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی وتاردانی بەسەردا سەپاوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان (٧ی ژوەن) بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر لە دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان بەڕێوە چووبوو.

مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمینی لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە جادەی سنە بۆ مەریوان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە گوندی نەنەڵە و ماڵەکەیان پشکنی. ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

لەم مانگانەی ڕابردوودا و دوابەدوای پشتیوانیکردنی بەربڵاوی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد لە سەرهەڵدان و داواکارییەکانی خەڵک، بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران و قامچی بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا پەرەی سەندووە. تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢١ی مارس) تا ئێستا لانیکەم ٨ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەرەمی، مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی، مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمینی لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و سەوڵاوا لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.