بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بڕیاری دەستبەسەربوونی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی کە لە ڕێکەوتی٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی تر تازە کراوەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بنەماڵەی ئەم ٤ چالاکە پیشەییە بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆخی ناوبراوان سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنەیان کردووە و پێیان ڕاگەیەنراوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی تا ١٥ی خەرمانان (٦ی سێپتامبر) تازە کراوەتەوە.

تازەکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی ئەم مامۆستایانە لە حاڵێکدایە کە پێشتر دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بۆ ئازادکردنیان بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنیی دیاری کردبوو و بنەماڵەکانیش بڕی بارمتەکەیان دابین کردبوو. بەڵام دادگا سەرەڕای دانانی بارمتەکان، بە بیانووی بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، تا ئێستا ئامادە نەبووە نامەی ئازادکردنیان واژۆ بکات.

ئەم ٤ چالاکە پیشەییەی مامۆستایان هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و تا ئێستایش مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان پێ نەدراوە.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم ٤ چالاکە پیشەییە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر زەخت و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکاندان.

ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لەبەر چالاکییە پیشەییەکانیان و هەروەها بەشداریکردن لە مانگرتنی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.  ئەوان دوای دەستبەسەربوون ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کران و لەم ماوەیەدا تەنها توانیویانە چەند جارێک بە کورتی پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بگرن.