بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ڕەزبەر (٢٦ی سێپتامبر) عەبدولسەلام قادر گەلوان، هاووڵاتیی ٣٢ ساڵەی خەڵکی شنۆ کە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا بە تەقەی هێزە چەکدارەکان بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ گیانی لەدەست دا.

ناوبراو شەوی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان (٢١ی سێپتامبر) لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە خۆپیشاندەراندا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و دوای برینداربوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی شنۆ کرا، بەڵام لەبەر قورسبوونی برینەکانی گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ورمێ و دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێرییە تایبەتەکانی ئەم نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی عەبدولسەلام قادر گەلوان ئەمڕۆ لەژێر کەشی قورسی ئەمنیدا لە شنۆ بەڕێوە چوو.

بە گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە شنۆییانەی لە شەوی ٣٠ی خەرماناندا (٢١ی سێپتامبر) بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت پێکران و گیانیان لەدەست دا، گەیشتە چوار کەس.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەم خۆپیشاندانانەدا لانیکەم ١٨ کەس بە ناوەکانی موحسین محەممەدی، فەرەیدوون مەحموودی، ڕەزا لوتفی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ، فواد قەدیمی، مینوو مەجیدی، دانش ڕەهنما، سەدرەدین لیتانی، ئەمین مەعریفەت، میلان حەقیقی، عەبدوڵڵا مەحموودپوور، موحسین قەیسەری، سەعید محەممەدی، ئەمیر فوولادی، ڕەزا شەهیرنیا، ئیمان محەممەدی و عەبدولسەلام قادر گەلوان لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، دێولان، کرماشان، شاباد و ئیلام بە تەقەی هێزەکانی پۆلیسی ئەمنییەت و بەسیج کوژراون. لە نێو کوژراوەکاندا ٤ منداڵی ١٥ و ١٦ ساڵان بە ناوەکانی عەبدوڵڵا مەحموودپوور، ئەمین مەعریفەت، زەکەریا خەیاڵ و ئەمیر فوولادی دەبینرێت. تا ئێستا تەرمی ١٣ کەس لەم کوژراوانە ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە.