بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆژ هەینی ٢٠ی گەڵاڕێزان (١١ی نۆڤامبر) هێزەکانی یەکەی سنووریی سەردەشت بە بیانووی دەستگرتن بەسەر باری کۆڵبەراندا هێرشیان کردووەتە سەر گوندی «بێوران»ی سەر بە شاری سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و بەبێ نیشاندانی فەرمانی یاسایی ویستوویانە بڕۆنە ناو ماڵی هاووڵاتییانی ئەم گوندەوە.

هەر بۆیە تێکهەڵچوون لە نێوان ئەو هێزانە و خەڵکی گوندەکەدا هاتووەتە ئاراوە و لە مەودای نزیکەوە تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە کە لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی هێمن حەمزە، ٣٠ ساڵان و باوکی دوو منداڵ، گوللەیەک بەری سینگی کەوتووە و گیانی لەدەست داوە. ئامینە حەمزەی خوشکی ئەم هاووڵاتییەیش بریندار بووە و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

تەرمی ئەم هاووڵاتییە ئێوارەی ئەمڕۆ لە پزیشکیی دادی سەردەشتەوە برایەوە بۆ گوندی بێوران و بە ئامادەبوونی سەدان هاووڵاتی و وتنەوەی دروشمی «شەهید نامرێ» ئەسپەردە کرا. ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی ئەم گوندە تا ئەم ساتەیش درێژەی هەیە.