هاووڵاتییەکی ٢٣ ساڵان بە ناوی داریا میکاییلی کە حەفتەی ڕابردوو بە تەقەی هێزە ئینتیزامییەکان لە گەڕەکی کوشتارگای ورمێ بریندار ببوو، بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیک لەم هاووڵاتییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندان (١ی فێبرییە) ئۆتۆمبێلەکەی داریا میکاییلی، هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ، بە گومانی ئەوەی کاڵای قاچاخی پێیە، لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە ڕاوەدوو نرا. هێزەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد، هەر بۆیە پەنچەر بوو و وەستا. داریا سەرەتا ویستبووی هەڵبێت بەڵام هێزەکان درێژەیان بە تەقەکردن دابوو، هەر بۆیە خۆی ڕادەستی ئەوان کردبوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەپێی شایەتیی دەیان هاووڵاتیی تر کە لە نزیکەوە شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون، سەرەڕای ئەوەی داریا میکاییلی بە نیشانەی تەسلیمبوون دەستەکانی بەرز کردبووەوە و وەستابوو، بەڵام کەوتبووە بەر لێدانی قورسی هێزەکانەوە. یەک لەوان لەوپەڕی سەرسووڕماندا بە دەمانچە دوو فیشەکی نابوو بە مل و پێی ئەم هاووڵاتییەوە و سەرەڕای ئەوەی تووشی خوێنلەبەرچوونی قورس ببوو، هەر ئەو ئەندامەی هێزە ئینتیزامییەکان پێی خۆی لەسەر ملی دانابوو.

ئەم سەرچاوەیە لە کۆتاییدا زیادی کرد: «داریا میکاییلی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندان (٨ی فێبرییە) بە هۆی قورسبوونی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە لە دادسەرای سەربازیی ورمێ سکاڵایەکیان دژ بە هێزە ئینتیزامییەکان تۆمار کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو هێزانە داریایان ئێعدام کردووە. تەرمەکەیشی هێشتا لە پزیشکیی دادی ورمێیە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە».

داریا میکاییلی، ٢٣ ساڵان، خەڵکی سەڵماس، باوکی دوو منداڵ و دانیشتووی گەڕەکی کوشتارگای ورمێ بوو.