مامۆستا یوونس نەوخاە، وانەبێژی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی تەبرێزەوە بە گشتی حوکمی ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانڤییە) ئەم حوکمە بەو مامۆستایە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، ناوبراو بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ڕیز سزای ٧ مانگ و ٢٥ ڕۆژ بەندکران، ٣٦ مانگ بەندکران و ١٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو هەروەها سزای داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیشی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها بەپێی دادنامەکە، دادگا بە پشتبەستن بە مادەکانی ٤٦، ٥٢، ٥٣ و ٥٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٢ و مادەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکران، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩، ٦ مانگ لە ٣٦ مانگەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەساردووە.

مامۆستا یوونس نەوخاە، وانەبێژی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕدا (٧ی جولای ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. ئەم وانەبێژە ئایینییە لە ڕێکەوتی ١ی گەلاوێژدا (٢٣ی جولای) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕدا (١١ی جولای) ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە بەردەم نووسینگەی ناوەندی گەورەی ئیسلامیی ئەم شارە گرد بوونەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ناوبراویان کرد.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژدا (٢٥ی جولای) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.