بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی حاسڵ عومەری و ئومید ئازادداوەر لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشارەوە بە ڕیز سزای ٤٣ مانگ بەندکران و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
دادگای ئەم دوو هاووڵاتییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی پیرانشار بەڕێوە چووە. بەپێی حوکمەکە، حاسڵ عومەری بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکیی ئێران» سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و ئومید ئازادداوەر بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

حاسڵ عومەری لە ڕێکەوتی ٢١ی گەڵاڕێزاندا (١٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزدا (٧ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا. ئومید ئازادداوەریش لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاڕێزاندا (١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و دوای چەند حەفتە دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.