لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای وەرزشی دواناوەندییەکانی ئاودانانی پارێزگای ئیلام، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە گشتی سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکران و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە حوکمەکەدا، ئەحمەد عەلیزادە بە تۆمەتی «پێکهێنانی دەستە و گرووپی زیاتر لە دوو کەس بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٦ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران، ٢ ساڵ دابڕاندن لە کاری مامۆستایەتی، ٢ ساڵ دوورخستنەوەی زۆرەملێ بۆ شاری فونووجی پارێزگای سیستان و بەلووچستان و قەدەغەکردنی چالاکی لە فەزای ئینتەرنێتدا بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپاوە.

دادگای ئەحمەد عەلیزادە بە شێوەی غیابی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەنداندا (١٤ی فێبرییە) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بەڕێوە چوو و حوکمەکەی لە ٢٥ی ڕەشەمەدا (١٦ی مارس) پێ ڕاگەیەنرا.

ناوبراو پێشتریش لە لایەن بەشی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە و فێرکاریی ئیلامەوە سزا درابوو بە خانەنشینیی پێشوەختە لەگەڵ کەمکردنەوەی دوو گرووپ لە ئیمتیازەکانیدا.

ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خەڵکی ئاودانانی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ١٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو لە ١٨ی بەفرانباریشدا (٨ی ژانڤییە) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگوستەریی ئەم شارە جارێکی تر دەستبەسەر کرایەوە و دوای ٢ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.