بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مامۆستا سابیر خودامورادی، وانەبێژی زانستە ئایینییەکان و بەرنوێژی مزگەوتی گەڕەکی «قەوەخ»ی شاری سەقزی پارێزگای کوردستان، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای ٧ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە تەلەفۆن بەم مامۆستا کوردە سوننەیە ڕاگەیەنراوە.

وردەکاریی زیاتر لەسەر تۆمەتەکانی ئەم مامۆستایەی زانستە ئایینییەکان بەردەست نەکەوتووە. مامۆستا سابیر خودامورادی لە وتارەکانیدا پشتیوانیی لە سەرهەڵدانی سەرانسەریی خەڵک کردبوو، هەر بۆیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٣ جار بانگهێستی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کرابوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠١دا (٢١ی مارسی ٢٠٢٢ تا ٢١ی مارسی ٢٠٢٣) لانیکەم ٢٩ مامۆستا و چالاکوانی سوننە و یارسان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە هۆی هەڵوێست یان چالاکیی مەزهەبی یاخود مەدەنی- سیاسییەوە دەستبەسەر کراون، لانیکەم ١٧ کەس بانگهێشت کراون و لانیکەم بۆ ٤ کەس سزای بەندکران دەرکراوە.