لە ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی حاسڵ قەدۆ، جەمال عەلیزادە و عەبدولڕەحمان محەممەدی لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی وڵات»، «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هاوکاریکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا» سزای بەندکرانیان لە ٨ تا ٤٣ مانگەوە بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حاسڵ قەدۆ و عەبدولڕەحمان محەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد دادگایی کران و لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمەکەیان پێ ڕاگەیەنراوە. بەپێی ئەو حوکمە، هەرکام لەم دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ٤٣ مانگ و ٨ مانگ بەندکرانیان بۆ دەرکراوە.

هەروەها دادگای جەمال عەلیزادەیش لە ڕێکەوتی ٢٩ی خاکەلێوە (١٨ی ئاوریل) و هەر لەم لقەی دادگای شۆڕشدا بەڕێوە چوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێی ڕاگەیەنراوە کە بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ ڕاگەیاندنە دژبەرەکاندا» سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

حاسڵ قەدۆ و عەبدولڕەحمان محەممەدی لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٢ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ. ئەم دوو هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرانەوە بۆ زیندانی نەغەدە و لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەنداندا (٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.

جەمال عەلیزادەیش لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە پیرانشار دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە ورمێ. ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان گوازرایەوە بۆ زیندانی نەغەدە و لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەنداندا (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

لە ناوەڕاستی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (سەرەتای فێبرییەی ٢٠٢٣) حاسڵ قەدۆ و عەبدولڕەحمان محەممەدی لە دۆسیەیەکی تردا بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» لە لایەن دادگای کەیفەریی پیرانشارەوە بە ڕیز سزای ١٨ مانگ بەندکران و ٤٠ قامچی و ٤ مانگ بەندکران و ٣٠ قامچییان بەسەردا سەپابوو.