بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مامۆستا ئارمان سادقی، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «حسەینی»ی شاری دێولانی پارێزگای کوردستان و وانەبێژی دارولعلوومی محەممەد ڕەسوولوڵڵای ئەم شارە، لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ٧ مانگ و نیو بەندکران، ٧٤ قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپاوە.

ئەم مامۆستا کوردە سوننەیە ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گوڵان (٣٠ی ئاوریل) بانگهێشت کراوە بۆ دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان و ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەنراوە.

مامۆستا ئارمان سادقی لە وتارەکانیدا پشتیوانیی لە سەرهەڵدانی سەرانسەریی ژن، ژیان، ئازادی کردبوو، هەر بۆیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٢ جار بانگهێشتی بەردەم دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە و گوشارەوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ١٤٠١دا (٢١ی مارسی ٢٠٢٢ تا ٢١ی مارسی ٢٠٢٣) لانیکەم ٢٩ مامۆستا و چالاکوانی سوننە و یارسان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە هۆی هەڵوێست یان چالاکیی مەزهەبی یاخود مەدەنی- سیاسییەوە دەستبەسەر کراون، لانیکەم ١٧ کەس بانگهێشت کراون و لانیکەم بۆ ٤ کەس سزای بەندکران دەرکراوە.