بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، محەممەد عەباسزادە، هونەرمەندی کوردی خەڵکی ئیلام، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان» و «بڵاوکردنەوەی درۆ» سزای ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکران، ٢٤ میلیۆن تمەن غەرامە و سزای تەواوکەری بەسەردا سەپاوە.

ئەم هونەرمەندە وەک سزای تەواوکەر مەحکووم کراوە بە نووسینی ٥٠ لاپەڕە وتار بە خەتی خۆی سەبارەت بە «لێکەوتەکانی سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان لەو دونیادا». ئەم حوکمە ڕۆژی ٢٠ی گوڵان (١٠ی مەی) بە محەممەد عەباسزادە ڕاگەیەنراوە.

ئە، هونەرمەندە کوردە پێشتریش لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ڕای گشتی» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای پێوەندیگرتنەوە لەگەڵ گرووپە دژبەرەکاندا، سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، ٥ میلیۆن تمەن غەرامە و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپابوو.

محەممەد عەباسزادە لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١دا (١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) دوای هۆنینەوەی ئاوازی «ژن، ژیان، ئازادی» لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە ئیلام دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ئەم هونەرمەندە پاش چەند ڕۆژێک و لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکاندا گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلام و لە ڕێکەوتی ١٢ی گەڵاڕێزاندا (٣ی نۆڤامبر) بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.