دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «تێکدانی ڕای گشتی» سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەر مامۆستا مادێح کەریمیدا سەپاندووە، هاوکات سزای ٧ مانگ و نیو بەندکران و ٧٤ قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەر مامۆستا عەبدولجەبار لەتیفییشدا سەپاندووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی جۆزەردان (٢٤ی مەی) دادگای مامۆستا عەبدولجەبار لەتیفی، وانەبێژ و بەرنوێژی مزگەوتی جامیعی ئیرشادی سنە، لە دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان بەڕێوە چووە و حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە. بەپێی ئەو حوکمە، دادگاکە سزای ٧ مانگ و نیو بەندکران و ٧٤ قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەر ئەم مامۆستایەدا سەپاندووە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گوڵان (٢١ی مەی) دادگای مامۆستا مادێح کەریمی، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «هوویە»ی سنە،لە دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان بەڕێوە چووە و دەرکردنیسزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٢ ساڵی پێ ڕاگەیەنراوە.

دەوترێت هۆکاری بانگهێشتکردن و سزادانی ئەم مامۆستایانە دەگەڕێتەوە بۆ وتارەکانیان لەسەر پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندان و سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان.

لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە تا ئێستا لانیکەم ٦ مامۆستای ئایینی سوننەی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەریمی و مامۆستا عەبدولجەبار لەتیفی لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و سەوڵاوا لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکران، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.