بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ی جۆزەردان (٧ی ژوەن) کۆبوونەوەی دادگاییکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «نەنەڵە» و مامۆستا لوقمان ئەمینی، بەرنوێژی مزگەوتی جامیعەی «چواریاری نەبی»ی شاری سنە، لە دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدان بەڕێوە چووە.

ئەم دوو مامۆستایە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «تێکدانی ڕای گشتی»یان ڕووبەروو کراوەتەوە و دادگاکەیش بەبێ پارێزەر بەڕێوە چووە.

لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە و مامۆستا لوقمان ئەمینی لە جادەی سنە بۆ مەریواندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەرکردنی مامۆستا ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی لە گوندی نەنەڵە و ماڵەکەیان پشکنی.

ئەم دوو مامۆستایە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە (٢٢ی فێبرییە) بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

لەم مانگانەی ڕابردوودا و دوابەدوای پشتیوانیکردنی بەربڵاوی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیی کورد لە سەرهەڵدان و داواکارییەکانی خەڵک، بانگهێشت، دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزای بەندکران و قامچی بەسەر مامۆستایانی کوردستاندا پەرەی سەندووە. تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە (٢١ی مارس) تا ئێستا لانیکەم ٦ مامۆستای ئایینیی کورد بە ناوەکانی مامۆستا حسەین عەلیمورادی، مامۆستا سابیر خودامورادی، مامۆستا ئارمان سادقی، سەیدجەلال ئەکبەری، مامۆستا مادێح کەرەمی و مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی لە شارەکانی سنە، سەقز، دێولان و سەوڵاوا لەبەر پێشکەشکردنی وتاری پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی هەمەدانەوە سزای بەندکران، بەندکرانی هەڵپەسێردراو، قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتییان بەسەردا سەپاوە.