بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) بەندکراوێک بە ناوی شەهروود جەعفەری لە نەخۆشخانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە هەوڵێکی خۆکوشتن لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەم هاووڵاتییە ٣٢ ساڵەیەی خەڵکی ورمێ حەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان (٢٣ی ئاگۆست) لە بەندی قەرەنتینەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و لەوێ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە دەستی دایە خۆکوشتن.

هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری خۆکوشتنی ئەم بەندکراوە بەردەست نەکەوتووە.

ئەگەر لە ئێراندا دەژین و بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن: ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.