به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، دەمەوبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، منداڵ-تاوانکارێک بە ناوی ئەرسەلان یاسینی کە لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست (قەتڵی عەمد)» دەستبەسەر کرابوو و حوکمی قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ درچووبوو، لە زئندانی ناوەندیی ورمێدا لە سێدارە درا. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی گواسترابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ڕۆژی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «ئەرسەلان یاسینی، لەدایکبووی ١٣٦٩ی نەغەدەیە و پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی یاسایی ١٨ ساڵان، بە تۆمەتی کوشتنی دوو خزمی خۆی دەستبەسەر کرا و دواتر حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو ماوەیەکی زیندانییەکەی لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ یان هەمان زیندانی منداڵاندا بردۆتە سەر.

بەپێی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان کە ئێرانیش ئیمزای کردووە، ئەوانەی لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵانەوە تووشی تاوان دەبن بە منداڵ دێنە ئەژمار و نابێ حوکمی لەسێدارەدانیان بە سەردا بسەپێت و ئێعدامکردنی ئەم کەسانە خۆی کارێکی تاوانکارانەیە. بەڵام ئێران بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو درێژەی بە لەسێدارەدانی منداڵانی تاوانکار داوە و لە هەموو جیهاندا زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی منداڵانی تۆمار کردووە.