بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئێحسان محەممەدی، منداڵی ١٧ ساڵانی خەڵکی شنۆ کە لە سەرەتای ڕەزەری ساڵی پاردا (کۆتایی سێپتامبری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کرابوو، بەبێ ئەوەی چارەنووسی خۆی و دۆسیەکەی دیاری بکرێت تا ئێستایش هەر لە کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێدایە.

ئەم منداڵە لە کاتی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ و ورمێدا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەوە. ئێحسان محەممەدی دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی ورمێ کراوە و تا ئێستایش دادگای شنۆ ئامادە نییە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ئەم هاووڵاتییە بگۆڕێت بۆ بڕیاری دانانی بارمتە.

لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی سەر ئەم منداڵە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.