لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر چالاکانی کرێکاری لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ چالاکی کرێکاریی کورد بە ناوەکانی مزەفەر ساڵحنیا، شەیس ئەمانی، تۆفیق مەحموودی و ئارمین شەریفە لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارەوە بانگهێشت و بۆ چەند کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.

چالاکێکی کرێکای لە شاری سنە سەبارەت بەم بابەتە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گوڵان (٢٨ی ئاوریل) شەیس ئەمانی، لە ئەندامانی یەکێتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنەوە بە شێوەی تەلەفۆنی بانگهێشت کراوە بۆ ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە و بۆ چەند کاتژمێر خراوەتە ژێر لێپرسینەوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هاوکات چالاکی کرێکاریی کورد مزەفەر ساڵحنیایش بانگهێشت کراوەتە بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادە کرد: «ڕۆژی هەینی دوو چالاکی کرێکاریی تری کورد بە ناوەکانی تۆفیق مەحموودی و ئارمین شەریفە لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و بۆ چەند کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. ئەم چالاکە کرێکارییانە بە هەڕەشەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بۆیان نییە لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا بەشداری بکەن».

لە چەند حەفتەی ڕابردوو و لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری لە شارە جیاوازەکاندا درێژەی هەبووە و تا ئێستا ١٠ چالاکی کرێکاریی کورد لە شارەکانی بانە و تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.