تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی جۆزەردان (٣١ی مەی) هێزەکانی سپای پاسداران لە خاڵی سنووریی نێوان دوو گوندی «گۆڕەشێر»ی شاری سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و «شێنێ»ی هەرێمی کوردستان، کاسبکارێکیان بە ناوی ڕەسوول عەبدوڕەحمان داوەتە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا سێ گوللە بەر ئەم کاسبکارە کەوتووە و بریندار بووە.

ئەم کاسبکارە ٢٣ ساڵەیەی خەڵکی گوندی سنووریی «شێنێ»ی سەر بە شاری قەڵادزێی پارێزگای سلێمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە کەوتووەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە.

پێشتر لە ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەرداندا (٢٨ی مەی) هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کوێستانی قەندیل، لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی ئێراقدا، دەستەیەک کاسبکاری سەرسنووری خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و لە مەودای نزیکەوە دابووە بەر دەسڕێژ کە لە ئەنجامدا کاسبکارێکی ٣٠ ساڵان بە ناوی کەیوان عەبدوڵڵا کوژرابوو.