درێژەپەیداکردنی نەبوونی هەواڵ لەسەر چارەنووسی فاتێح مەجیدی، چالاکی مەدەنی و کرێکاریی کوردی خەڵکی بانە کە لە ڕێکەوتی ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل)ـەوە دەستبەسەر کراوە، بۆتە مایەی نیگەرانیی بنەماڵەکەی. ناوبراو کە نەخۆشیی قورسی دڵی لەگەڵە لە چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنەوە مانی لە خواردن گرتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت کە فاتێح مەجیدی لە ساتەوەختی دەستبەسەرکردنەوە تەنها یەک جار و ئەویش لە سێهەم ڕۆژی دەستبەسەربووندا، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا وتوویەتی کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدایە لە شاری بانە و ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی بەردەست نەکەوتووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پێدەچێ فاتێح مەجیدی دوای گوازرانەوەی شیمانەکراو لە بانەوە بۆ سنە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لە بەشێکی ئەمنیی نەخۆشخانەی بێعسەتی سنە خەوێنرابێت. هەرچەند ئەم سەرچاوەیە بە نیگەرانییەوە باسی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی فاتێح مەجیدیی کرد و وتی: «دیار نییە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانەدایە یان سنە. هەوڵەکانی دوو پارێزەری خۆبەخشیش بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی تا ئێستە بێئەنجام بووە.

فاتێح مەجیدی لە ١٩ی گوڵانەوە (٩ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکران و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیدا مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە کتی دەستبەسەرکردنەوە تەنها یەک پێوەندیی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا کردووە و مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە».

ئەم چالاکە کرێکارییە دەستبەسەرکراوە لەم ماوەیەدا جارێک بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری بانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی ئەم شارە کراوە و بەبێ دابینکردنی پێداویستییە پزیشکییە پێویستەکان سەرلەنوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ هەمان دەستبەسەرگە. ئەم چالاکە کرێکارییە ئامێری پزیشکیی «دروستکەری دەستکردی لێدانی دڵ» بەکار دێنێت و ژیانی گرێدراوی ئەو ئامێرەیە.

فاتێح مەجیدی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل) لەگەڵ ٦ چالاکی کرێکاری و مەدەنیی تردا بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، پەروین عەبدوڵڵاپوور، حەسەن عیزەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی و ئەفشین ڕەحیمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بانە دەستبەسەر کرا. فاتێح مەجیدی، مامۆستای دەرکراو و چالاکی مەدەنی و سیاسی کە ٦٤ ساڵی تەمەنە، پێشینەی دەستبەسەرکران، بەندکران و بانگهێشتکرانی بەردەوامی لە ڕابردوویشدا هەبووە.

ناوبراو دوای شۆڕشی ئێران و لە ساڵی ١٣٥٨ـەوە بۆ ماوەی ٨ ساڵ بە تۆمەتی لایەنگریکردن لە کۆمەڵە لە زینداندا بوو.