لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کرێکاریدا لە سنە، ڕۆژی ڕابردوو ٢٩ی گوڵان (١٩ی مەی) ئێقباڵ شەعبانی، چالاکی کرێکاریی کورد، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراوە. تەنها لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ چالاکی کرێکاری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ئێقباڵ شەعبانی بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە و خراوەتە ژێر لێپرسینەوە.

ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی گوڵان (١٧ی مەی) ٨ چالاکی کرێکاریی دیکە بە ناوەکانی هاجەر سەعیدی، حەیبەڵلا کەریمی، شادمان عەبدی، کەمال کەریمی، عەبدوڵڵا خێرئابادی، ئێقباڵ پێشکاری، خەبات مەحموودی و سیروان مەحموودی کە بە مەبەستی دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی سنە، سەردانی بنەماڵەی عەبدوڵڵاهییان کردبوو، بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گوڵان (١٨ی مەی) بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، دەستبەسەر کرابوو.