لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵانی ١٤٠١ (١ی مەیی ٢٠٢٢) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار و لە سەروبەندی ڕۆژێکدا کە لە ئێران بە ناوی ڕۆژی مامۆستا ناو نراوە، چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە لایەن چالاکانی کرێکاری و مامۆستایانەوە بەڕێوە چوو.

شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پێشتر لە دووتوێی بانگەوازێکدا ڕایگەیاندبوو هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، گردبوونەوەی سەراسەریی مامۆستایان لە تاران و هەروەها لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکاریی شارە جیاوازەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت. ئەم گردبوونەوە ناڕەزاییانە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوون کە لەم ڕۆژانەی دواییدا هێزە ئەمنییەکان
لەڕێی تەلەفۆن، هەڕەشە، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە چالاکانی پیشەییەوە، هەوڵیان دابوو بەر بە هەرچەشنە گردبوونەوەیەکی نادەوڵەتی لەم ڕۆژەدا بگرن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ژمارەیەک لە مامۆستایان لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەقز و… چەند ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکان لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارانەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کرابوو.

لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ١٤٠١دا (٣٠ی ئاوریلی ٢٠٢٢) بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لانیکەم ١٠ مامۆستای ئەم شارەیان بە تەلەفۆن بانگهێشت کردووە و خستوونیانەتە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە. هەر لەم ڕۆژەدا سەلاح سورخی، یەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زێویە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ڕۆژی ڕابردوو، ١٢ی گوڵان (٢ی مەی) دەستبەسەر بوو. هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی سەلاح سورخی، چوونەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە پیشەییە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شیخسیی ناوبراو و لەوانە مۆبایل، کۆمپیتەر و بەڵگەنامە شەخسییەکانیدا گرتووە.

سەرەڕای هەموو ئەم هەڕەشانە، لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سەقز گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خۆیان هاوکات لەگەڵ شارەکانی تری ئێراندا بەڕێوە برد. مامۆستایانی بەشداربوو وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە مامۆستایان و لەوانە سەلاح سورخی، بە وتنەوەی دروشم و هەڵکردنی پلاکارد داواکارییەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە. ناوەرۆکی هەندێ لە پلاکاردەکان بەم جۆرە بوون: «ئەگەر پێویست بە گۆڕینی یاسای بنچینەیی (دەستوور) بێت دەبێ ئەم کارە بکرێت»، «پەروەردە و فێرکاری پەرە بە توندوتیژی دەدات، چونکوو بەر بە گەشەی منداڵان دەگرێت»، «دەبێ سەلاح سورخی ئازاد بکرێت».
هەمان ڕۆژ و پاش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی مامۆستایان، هەندێکیان سەردانی ماڵی سەلاح سورخییان کرد و وێڕای دیدارکردن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، جارێکی تر پشتگیری و ناڕەزایی خۆیان لە دەستبەسەرکردنی هاوکارەکەیان ڕاگەیاند. sەرلەبەیانیی دوێنێ ١٢ی گوڵانیش (٢ی مەی) هاوکات لەگەڵ جێژنی ڕەمەزاندا ژمارەیەکی تر لە مامۆستایان و هاووڵاتییان سەردانی ماڵی سەلاح سورخییان کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم مامۆستا دەستبەسەرکراوە ڕاگەیاند.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەقزەوە سەبارەت بە گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی ئەم شارە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە حاڵێکدا کە مامۆستایانی ناڕازی لە گردبوونەوە ناڕەزاییەکەی ڕۆژی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) داوای ئازادکردنی هاوکارانیان و لەوانە سەلاح سورخییان کردبوو، کەچی دۆسیەی ٩ کەسی تریان بە ناوەکانی لەیلا عینایەتزادە، تاهیر حامیدی، تاهیر قادرزادە، ئامانج ئەمینی، عەزیز مەرزی، ئەحمەد قادری، خالید عەبدوڵڵاهی و سلێمان عەبدی نێردراوەتە بەردەم دادسەرای سەقز. سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە، ماۆستایانی شاری سەقز جەختیان کردۆتەوە کە هاوکارەکانیان بەتەنها جێ ناهێڵن و داوایان کردووە دۆسیەسازییە نایاسایی و ئەمنی بۆ چالاکانی پیشەیی ڕابگیرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕۆژی ڕابردوو بۆ هەندێ لە مامۆستایانی بەشداربوو لە گردبوونەوەکەی بەرانبەر ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریدا پەیامێکی تەلەفۆنی نێردراوە بەم ناوەرۆکەوە کە دۆسیەکانیان نێردراوەتە بەردەم لقی داواکاریی گشتیی سەقز و ئەگەر پێویست بە ئامادەبوونیان بێت ئاگادار دەکرێنەوە.
ئێوارەی ١٠ی گوڵانیش (٣٠ی ئاوریل) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان بە مەبەستی هەڕەشەکردن و تۆقاندنی مامۆستایان، سێ کەس لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانیان بە ناوەکانی شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخاە لە ڕێگای سنە بۆ مەریواندا دەستبەسەر کردووە و گواستوونیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار. دەوترێت ڕۆژی ١١ی گوڵان (١ی مەی) فەزای شاری مەریوان، بە تایبەت ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارە، لە کەشێکی ئەمنیی قورسدا بووە. ئەڵبەت سەرەڕای ئەمەیش ژمارەیەک لە مامۆستایان لە گردبوونەوەکەدا بەشدارییان کردووە، بەڵام هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان بە شۆکەری کارەبایی هێرشیان کردۆتە سەریان و هەندێ لە مامۆستایان و لەوانە ئارام قادری و ئارام محەممەدی کەوتوونەتە بەر لێدانی ئەم هێزانەوە.

کۆمەڵێک گردبوونەوەی دیکەیش لە بەردەم ئیدارەکانی پەروەردە و فێرکاریی شارەکانی کرماشان و دیواندەرە بەڕێوە چووە و بەشداربووان وێڕای ڕاگەیاندنی داواکارییەکانیان، بە وتنەوەی دروشمی «دەبێ مامۆستای زیندانی ئازاد بکرێت» ناڕەزاییان لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی هاوکارەکانیان لە شارەکانی تردا ڕاگەیاندووە. تا ئێستە لەسەر دەستبەسەرکردن یان بانگهێشتکردنی چالاکانی پیشەیی لەم شارانەدا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها لە سەربەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی کرێکاران، ژمارەیەک لە چالاکانی ئەم بوارەیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی گوڵان (٢٦ی ئاوریل) هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ٥ چالاکی کرێکارییان بە ناوەکانی نیشتمان ڕەحمەتی، پەروین عەبدوڵڵاپوور، حەسەن عێزەتی، سەعید محەممەدی، عومەر سلێمانی، فاتێح مەجیدی و ئەفشین ڕەحیمی دەستبەسەر کردووە. هەروەها لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر چالاکانی کرێکاری لە سەربەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، لانیکەم ٤ چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی مزەفەر ساڵحنیا، شەیس ئەمانی، تۆفیق مەحموودی و ئارمین شەریفە لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارەوە بانگهێشت کرابوون و بۆ چەند کاتژمێر خرابوونە ژێر لێپرسینەوە.

ڕۆژی شەممە ١٠ی گوڵانیش (٣٠ی مەی) عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی ناسراوی شاری سەقز، لە حاڵێکدا کە لەسەر کار دەگەڕایەوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها ڕۆژی دواتر چوونەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە شەخسییەکانیدا گرتووە. سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا کۆمەڵێک گردبوونەوە لە لایەن کرێکاران و چالاکانی کرێکارییەوە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، لەوانە مەریوان، سنە و بۆکان، بەڕێوە چووە و بەشداربووان داواکارییەکانی خۆیان بەرز کردۆتەوە.

لە شاری بۆکان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی گوڵان (١ی مەی) بە بۆنەی یەکی ئایارەوە ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری ڕێوڕەسمێکیان لە نزیک ئەم شارە بەڕێوە برد. ئەم ڕێوڕەسمە بە خوێندنەوەی ڕاگەیاندننامەی هاوبەشی کرێکارانی شارەکانی بانە، بۆکان و سەقز کە ١٢ بەندی لە خۆ گرتبوو، کۆتایی پێ هات. لە ڕاگەیاندننامەی هاوبەشی کرێکارانی بانە، بۆکان و سەقزدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە ئاوا هاتووە: «بێکاری و گرانی تا ئێستایش باڵی بەسەر کۆمەڵگادا کێشاوە، سفرەی کرێکاران لەژێر کاریگەریی گرانی و هەڵئاوسانی قورس، مووچەی ژێر هێڵی هەژاری، نادڵنیایی کاری لە ڕێگای پەرەسەندنی گرێبەستی کاتی و ئیمزاسپی و…ـەوە، [زۆر بچووک بۆتەوە]، بە شێوەیەک کە لەم ساڵانەی دواییدا هەرهەموو ئەو گەڵاڵە ئابوورییانەی بۆ تێپەڕاندنی قەیران خراونەتە بەردەست، بەتەواوی لەژێر کاریگەریی بەرنامەکانی سکهەڵگووشیندا بوون کە بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پارە دەیانسەپێنن؛ لە بەیاساییکردنی دەرکردنی کرێکارانەوە لە یاسای کاردا بگرە تا بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بە شێوەی پلەیی، مووچەی خانەنشینان بە شێوەی پلەیی و…».