نیوەڕۆی دووشەممە ١٩ی گوڵان (٩ی مەی) فەرهاد میرزایی، ئەندامی شۆرای باڵای چالاکانی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شەهاباتی پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کراوە.

لەم مانگانەی دواییدا ئەم چالاکە پیشەییەی مامۆستایان چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیەوە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مامۆستایاندا، بانگ کراوەتە دامودەزگا ئەمنییەکان و هەندێ هەوڵیش لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ دەستبەسەرکردنی لە ئارادا بووە. فەرهاد میرزایی یەک لە ڕێکخەرانی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی شارەکانی شەهابات، کرماشان و تاران بووە. ناوبراو یەک لە وتارخوێنانی گردبوونەوە جیاوازەکانی مامۆستایان بوو و هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ میدیاکاندا داخوازییەکانی مامۆستایان و دۆخی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە پیشەییەکانی دەخستە بەر باس.
فەرهاد میرزایی ماستەری بەڕێوەبردنی فێرکاریی هەیە و پێشینەی ٣٠ ساڵ وانەوتنەوەی هەیە.