لە ڕۆژی ڕابردووەوە دامودەزگا ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرانسەریی مامۆستایان کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان (١٦ی ژوەن) لە کەشێکی قورسی ئەمنیدا بەڕێوە چووە، دەستیان داوەتە بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی دەیان مامۆستا لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە، مەریوان و سنە. دامودەزگا ئەمنییەکان پێوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ چالاکانی پیشەیی مامۆستایاندا گرتووە و هەڕەشەیان لە هەندێکیان کردووە کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایاندا مۆڵەتی تەقەکردنیان پێ دراوە.

هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سنەوە بە دەستمان گەیشتووە، لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە هێزەکانی یەکەی تایبەت لەو شەقامانەی دەچنەوە سەر ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کوردستان جێگیر کراون و بەتەمای کۆتاییهێنانن بە گردبوونەوەی مامۆستایان. سەرەڕای کەشی ئەمنی و گوشاری سەر مامۆستایان، گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە شارەکانی سەردەشت، بۆکان، سەقز، بیجاڕ، سنە، مەریوان، کرماشان و شەهاباد لە حاڵی بەڕێوەچووندایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژی ڕابردووەوە لانیکەم ١٨ مامۆستای کورد و ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز و زێویە بە ناوەکانی ئاوات ڕەزەوی، مەرزیه تەڵایی، خالید عەبدوڵڵاهی، تاهیر قادرزاده، محەممەد فەتاحی، قادر یوسرابی، سەلاحەدین حسەینی، زاهید مورادی، ئامانج ئەمینی، سلێمان عەبدی، حسەین محەممەدی، کەیوان محەممەدی، لوقمان ئەڵڵامورادی، عەزیز مەرزی، ئەحمەد قادری، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەج‌زاده و ئیسماعیل ڕێحانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز کراون، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەربوون یان بارمتە بۆ ئەم کەسانە بەردەست نەکەوتووە.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوو ٥ کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرە بە ناوەکانی ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، عوسمان ڕەزایی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەمڕۆ دوابەدوای بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە شاری سنە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەلاح حاجی‌میرزایی، لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی ڕابردوویش ٣ ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-مەریوان بە ناوەکانی تەحسین موستەفا، ئارام قادری و سەیوان سلێمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. هەروەها چەندین چالاکی پیشەیی دیکەی مامۆستایان لە شاری مەریوان بە تەلەفۆن بانگهێشت کراون بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر خراونەتە ژێر لێپرسینەوە.