حەوت چالاکی پیشەیی مامۆستایان بە ناوەکانی شەعبان محەممەدی، مەسعوود نیکخا، ئەسکەندەر لوتفی، ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی کە پێشتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان و دیواندەرە دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە زیندانی ئێڤینی تاران و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەسکەندەر لوتفی، وتەبێژی شۆرای هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕ (٥ی جولای) لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە بەندی ٢ی ئەلفەوە گوازراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ئێڤینی تاران. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەرداندا (٣٠ی مەی) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەرکران و گوشاری لێپرسەوە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

هەروەها شەعبان محەممەدی و مەسعوود نیکخا، دوو چالاکی تری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – مەریوان، هێشتا لە بەندێکی ئەمنیی زیندانی ئێڤیندان. ئەم ٣ چالاکە پیشەییە لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە لەسەر پێوەندی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی فەرەنسیی دەستبەسەرکراو لە ئێراندا خراونەتە ژێر لێپرسینەوە و بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ هەڕەشە و گوشاریان خراوەتە سەر.

شەعبان محەممەدی، ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ١١ی گوڵاندا (١ی مەی) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە مەریوان دەستبەسەر کران. شەعبان محەممەدی دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرا بەڵام ئەسکەندەر لوتفی و مەسعوود نیکخا بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنی-سەربازییە لە سنە کران.
مەسعوود نیکخا لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) بە دانانی کەفالەت ئازاد کرا، بەڵام ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە. شەعبان محەمەدییش بۆ دووهەم جار لە ڕێکەوتی ٢١ی گوڵاندا (١١ی مەی) دیسانەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

هەروەها ئومید شامحەممەدی، پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی، لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە کە لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەرداندا (١٥ی ژوەن) لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی مامۆستایان لە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و فێرکاریی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدان و مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کراوە.