بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی دادگای ١٥ چالاکی پیشەیی مامۆستایان بە ناوەکانی نەسرین کەریمی، فاتمه زەندکەریمی، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی‌میرزایی، ڕەزا مورادی، ڕەزا تەهماسبی، غیاس نێعمەتی، سادق کەنعانی، کووروش عیزەتی، ڕزگار حەیدەری، فەیسەڵ نووری، موختار ئەسەدی، ئارام ئیبراهیمی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە بەڕێوە چووە.

ئەم چالاکە پیشەییانەی مامۆستایان لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕدا (١١ی جولای) و لە ڕێی کۆمەڵێک بانگهێشتنامەوە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەرگرتنی دوایین داکۆکییەکان بانگهێشتی بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سنە کرابوون.

فاتمه زەندکەریمی، سەلاح حاجی‌میرزایی، مەجید کەریمی، ڕەزا مورادی و غیاس نێعمەتی لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و نەسرین کەریمی، موختار ئەسەدی، سادق کەنعانی، ڕەزا تەهماسبی، ئارام ئیبراهیمی، فەیسەڵ نووری، کووروش عیزەتی، شەهریار نادری و بێهزاد قەوامی لە دوو مانگی ڕابردوودا و دوابەدوای بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزایی بەربڵاوی مامۆستایان لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرابوون.