بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، مێهدی جەمشیدی، کرێکاری خەڵکی کرماشان، ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمە (٤ی مارس) دوای بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانە لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکردنی ئەم شارەدا دەستبەسەر کراوە. هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆیش چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پشکنیویانە و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە.

گردبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکردنی کرماشان، هاوکات لەگەڵ شارەکانی تری ئێران و بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە ڕێکخراوانە بەڕێوە چوو کە بە گازی کیمیایی دەکرێتە سەر قوتابخانەکان و بووەتە هۆی ژەهراویبوونی قوتابییان.

دەوترێت لە کاتی بەڕێوەچوون و پاش گردبوونەوەکەیشدا ژمارەیەک لە بەشداربووان لە لایەن هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.