بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئومید شامحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرە، ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگای دیواندەرە دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی بیجاڕ کراوە.

ئەم مامۆستا کوردە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە ماوەک لەمەوپێش و دوای تانەلێدان، لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو.

ئومید شامحەممەدی لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرەدا بە ناوەکانی پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانیانەوە و بەشداریکردنیان لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.

ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هەرکامە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.