بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گوڵان (٢٧ی ئاوریل) مێهدی (سالار) جەمشیدی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لە ئاست نائەمنبوونی خوێندنگەکاندا، دوای ٥٤ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی کرماشان ڕۆژی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٤ی مارسی ٢٠٢٣) لە گردبوونەوەی بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی کرماشاندا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست نەبوونی ئاسایش لە خوێندنگەکاندا، دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی. ئەم هاووڵاتییە دوای دوو ڕۆژ لێپرسینەوە برایە بەردەم دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان و بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا.

مێهدی جەمشیدی سەرەڕای ئەوەی نەخۆشیی گورچیلەی لەگەڵە، لە کاتی دەستبەسەربووندا لە مافی خزمەتگوزاریی پزیشکی و وەرگرتنی دەرمانەکانی بێبەش کرابوو.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (٤ی مارسی ٢٠٢٣) وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست نائەمنبوونی خوێندنگەکان و هێرشکردنی کیمیایی بۆ سەر خوێندنگا جیاوازەکانی شاری کرماشان، ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوتابییان و هاووڵاتییانی کرماشان لە بەردەم ئیدارەی گشتیی پەروەردە و فێرکاریی پارێزگای کرماشاندا کۆ بوونەوە. هێزەکانی یەکەی تایبەت و جلوبەرگ مەدەنییەکان هێرشیان کردە سەر بەشداربووانی ئەم گردبوونەوەیە و وێڕای هەڵمەتبردن و لێدان، چەندین کەسیان دەستبەسەر کرد.