بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئومید شامحەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە پێبەندی ئەلکترۆنییەوە لە زیندانی بیجاڕ ئازاد کراوە.

ئەم مامۆستا کوردە تا کۆتاییهاتنی حوکمی یەک ساڵ بەندکران کە ٢٥ی سەرماوەزە (١٦ی دێسامبر)، بۆی نییە زیاتر لە کیلۆمەترێک لە ماڵەکەی خۆی لە شاری دیواندەرەی پارێزگای کوردستان دوور بکەوێتەوە.

ئومید شامحەممەدی لەگەڵ سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان-دیواندەرەدا بە ناوەکانی پەرویز ئەحسەنی، کاوە محەممەدزادە و هیوا قوڕەیشی لە ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١دا (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٢) بە هۆی چالاکییە پیشەییەکانیانەوە و بەشداریکردنیان لە مانگرتنی پیشەیی مامۆستایاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کران.

ئەم چوار چالاکە پیشەییەی مامۆستایانی کوردستان دوای ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هەرکامە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم مامۆستا کوردە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دێسامبری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە دوای تانەلێدان لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا گۆڕدرابوو بۆ ساڵێک بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو. دواجاریش ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوە (٧ی ئاوریل) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکران ڕەوانەی زیندانی بیجاڕ کرابوو.