هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا (مەهسا) ئەمینیدا لە شاری سەقز و هێرشکردنی هێزەکانی پۆلیس بۆ سەر بەشداربووانی ئەم ڕێوڕەسمە و گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی هاووڵاتییانی ئەم شارە، هێزە ئەمنییەکان پێوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ چالاکانی مەدەنی و سیاسیی شارەکانی تری کوردستاندا گرتووە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ کردوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان (١٧ی سێپتامبر) چەند کاتژمێرێک پێش بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی ناڕەزاییانە لە شاری سنە، هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوای ئەوەی تەلەفۆنیان بۆ ژینا مودەڕیس گورجی، چالاکی ژنانی سنە، کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر لە گردبوونەوەکاندا بەشداری بکات دەستبەسەری دەکەن، چوونەتە سەر دووکانی کتێبفرۆشییەکەیشی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «هاوکات لەگەڵ ئەوەی چالاکانی شاری سنە خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییانە لە مەیدانی ئازادیی ئەم شارە ئامادە دەکرد، دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە تەلەفۆن پێوەندییان لەگەڵ ژینا مودەڕیس گورجیدا گرتووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر لە هەر گردبوونەوەیەکدا بەشداری بکات دەستبەسەری دەکەن و چیدی ڕووناکیی هەتاو نابینێتەوە. هێزە ئەمنییەکان هەروەها دوای ئەم پێوەندییە تەلەفۆنییە سێ جار چوونەتە سەر دووکانی کتێبفرۆشییەکەی ئەم چالاکوانە ژنە و داوای مۆڵەتی کارکردنیان لە فەرمانبەری کتێبفرۆشییەکە کردووە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان دوای چوونەسەر کتێبفرۆشیی ژیرا کە ژینا مودەڕیس گورجی بەڕێوەی دەبات، بە تەلەفۆن داوایان لێ کردووە ستۆری و پۆستەکانی لەسەر ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ئێکاونتە ئینستاگرامییەکەیدا بسڕێتەوە و بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە بە مۆڵەتی یاسایی کارکردنەوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بکات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سنەوە هاتوون، ئێوارەی ڕۆژی شەممە هێزە ئینتیزامی و ئەمنییەکان بە شێوەی توندوتیژکارانە هێرشیان کردۆتە سەر گردبوونەوەی هاووڵاتییان و چالاکانی ئەم شارە کە بۆ شەرمەزارکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی بەڕێوە دەچوو و هەوڵیان داوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن. هێزەکان بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ هێرشیان کردۆتە سەر جەماوەری ناڕازی و خۆپیشاندەر کە لە مەیدانی ئازادییەوە بەرەو مەیدانی ئینقلاب خۆپیشاندانیان دەکرد. هەروەها ئینتەرنێتی شارەکانی سەقز و سنە تووشی کێشە بووە.