ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی جۆزەردان (١٤ی ژوەن) بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری مافەکانی ژنان، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژی تر نوێ کرایەوە. ئەم ژنەچالاکە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوە (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە دەستبەسەر کرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی گوڵاندا (١٠ی مەی) هەواڵی گواستنەوەی ژینا مودەڕیس گورجیی بۆ بەندی گشتیی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە بڵاو کردبووەوە. ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە مانگی یەکەمی دەستبەسەربووندا لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدا ڕاگیرابوو و ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە دەبرایە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ژینا مودەڕیس گورجی لە کۆتایی ئەم خولەی لێپرسینەوەکاندا تۆمەتێکی نوێی لەژێر ناوی «بڵاوکردنەوەی درۆ»دا ڕووبەڕوو کراوەتەوە. پێشتر تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامبوونەوە لە گرووپ و دەستەی نایاساییدا وەک تۆمەتەکانی ئەم ژنەچالاکە ڕاگەیەنرابوو.

ئەم چالاکە ناسراوەی بزاڤی ژنان پێشتریش لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامی سەفەریی سنە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز دەستبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ٨ی گەڵاڕێزاندا (٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو (مارسی ٢٠٢٣) ئەم ڕۆژنامەوانە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە تۆمەتی نوێی پێ ڕاگەیەنرابوو و دادوەری دۆسیەکە ڕێژەی بارمتەکەی بەرز کردبۆوە بۆ یەک میلیارد تمەن.

ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکراندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بووه.