بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕەشەمە (١٩ی مارس) سەعدوڵڵا ئایینی، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی دێهلوران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەم هاووڵاتییە دوای هەوڵی خۆکوشتن گوازراوەتەوە بۆ ناوەندێکی پزیشکیی شاری ئیلام. دەوترێت ناوبراو وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست گوشاری لێپرسەوەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی دێهلۆڕاندا بە ناوەکانی فەرشاد ئایینی، حسەین باپیروەند، عەزیم یادگاری و سەفوورا مەلێکی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەنداندا (١٨ی فێبرییە) لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە ئیلام.

سەفوورا مەلێکی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەدا (١٨ی مارس) بە دانانی بارمتە ئازاد کرا، بەڵام چوار هاووڵاتییەکەی تر هێشتا هەر دەستبەسەرن. ئەم کەسانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مافی دیاریکردنی پارێزەر و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کراوە.

ئەگەر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، پێش ئەوەی دەست بدەنە هەر کارێک لەگەڵ یەکێک لەم ژمارانەدا پێوەندی بگرن:

ئۆرژانسی کۆمەڵایەتی: ١٢٣، ئۆرژانسی شاری: ١١٥، دەنگی ڕاوێژکار: ١٤٨٠، ئۆرژانسی دەروونپزیشکیی تاران: ٤٤٥٠٨٢٠٠.