نگار داوودی، خوێندکاری کورد کە لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئیلامدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلامەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» و «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکیی ئێران» بە گشتی سزای دوو ساڵ و سێ مانگ بەندکران، ٧٤ قامچی، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، ساڵێک کاری خۆڕایی بۆ ئیدارەی «بهزیستی» و ٢٠٠ کاتژمێر بەشداریکردن لە خولی فێرکاری و تەفسیری قورئانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی دادنامەکە، سزای ٣ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچییەکە لەبەر ئەوەی پێشینەی تاوانی نەبووە گۆڕدراوە بۆ ٢٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە بۆ سندووقی دەوڵەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) دادگای ئەم هاووڵاتییە بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی و لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلام بەڕێوە چووە.

بەپێی حوکمەکە کە دەکرێ تانەی لێ بدرێت، ناوبراو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکردن دژ بە ئاسایشی ناوخۆیی/دەرەکیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە ڕیز سزای دوو ساڵ بەندکران و ساڵێک کاری خۆڕایی بۆ ئیدارەی «بهزیستی»ی ئیلامی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی دووی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر یاسر خەلەفی، بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی» سزای ٣ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچی و هەروەها وەک سزای تەواوکەریش سزای دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران و بەشداریکردن لە خولی فێرکاری و تەفسیری قورئاندا بۆ ماوەی ٢٠٠ کاتژمێری بەسەردا سەپاندووە کە دەبێ ڕێکخراوەی بانگەشەی ئیسلامیی پارێزگای ئیلام بەشداریکردنی ئەو لە خولی قورئاندا پشتڕاست بکاتەوە. دادگاکە سزای ٣ مانگ بەندکران و ٧٤ قامچییەکەی بە هۆی ئەوەوە کە پێشینەی تاوانکاریی نەبووە گۆڕیوە بۆ ٢٤٠ میلیۆن ڕیاڵ غەرامە بۆ سندووقی دەوڵەت.

نگار داوودی، خوێندکاری بەشی نەرمئامێری کۆمپیتەر لە زانکۆی ئیلام، لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەڵاڕێزاندا (١٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لەم شارە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ناوبراو دوای ٧ ڕۆژ لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ئیلام و لە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەزدا (١٨ی دێسامبری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و کەفالەت بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.