لە ڕۆژانی ڕابردوودا دیوانی باڵای ئێران سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەهواز و ٥ میلیارد تمەن غەرامەی زیندانیی سیاسیی کورد تەوحید (لوقمان) دەروێشی هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم حوکمە پێشتر لە لایەن دادگای شۆرشی ئیسلامیی تەورێزەوە بەسەر ئەم زیندانییە سیاسییەدا سەپێنرابوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی پارێزەرانی ئەم زیندانییە سیاسییە، تۆمەتی «موحارەبە»ی لەسەر لابردووە و دوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی بەردەم لقی هاوتەریبی دادگا کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ناوەڕاستی بەفرانباری ئەمساڵدا (سەرەتای ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامیی تەورێزەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەهواز و ٥ میلیارد تمەن غەرامە بۆ بانکی بەسەردا سەپابوو.

تەوحید (لوقمان) دەروێش لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەردا (٢٩ی سێپتامبر) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەورێز دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لەم شارەدا. ناوبراو لەم دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی تەورێز کرا.

تەوحید دەروێش تەمەنی ٢٧ ساڵ و شۆفێری ئێسنەپ بووە. ناوبراو خەڵکی گوندی «گرناویک»ی شاری خۆی و باوکی دوو منداڵە، بنەماڵەی دەروێش لە بوومەلەرزەکەی ڕەشەمەی ١٣٩٨دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) ماڵەکەیان ڕووخاوە و هەر بۆیە ناچار بوون گوندەکەیان بەجێ بێڵن و لە شاری خۆی نیشتەجێ بن.