بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوە (١٩ی ئاوریل) سێ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری دێلوڕانی پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی حسەین باپیروەند، عەزیم یادگاری و فەرشاد ئایینی لە چوارەم ڕۆژی مانگرتنەکەیاندا، لە دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ئیلامەوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراون. سەعدوڵڵا ئایینی، هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکەی تری خەڵکی دێلوڕان، تا ئێستایش لە دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ئیلامدایە و مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها ئەمڕۆ بوو دووهەم ڕۆژ، ژمارەیەک لە بنەماڵە و خزمانی ئەم چوار هاووڵاتییە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامبوونی دەستبەسەربوونیاندا، لە بەردەم قایمقامییەت (فەرمانداری)ی دێلوڕان کۆ بوونەوە و داوای ئازادکردنی بێمەرجی ئەو کەسانەیان کرد.

سەعدوڵڵا ئایینی، حسەین باپیروەند، عەزیم یادگاری و فەرشاد ئایینی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا (١٦ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دێلوڕان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ئەم هاووڵاتییانە لەو دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییەوە و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی زیندانی ئیلام کران.

سەعدوڵڵا ئایینی لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەدا (١٩ی مارس) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست گوشار و ئەشکەنجەی لێپرسەوەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا مافی دیاریکردنی پارێزەریان لێ زەوت کراوە. هەروەها هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە بەردەست نەکەوتووە.