بابەک کەریمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ئەیوانی ڕۆژئاوا لە پارێزگای ئیلام کە لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای چەند مانگ بە بارمتەی قورس و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە گشتی سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٢ی گوڵان (٢ی مەی) لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلام بەڕێوە چوو و لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕدا (١ی جولای) حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە. بەپێی ئەم حوکمە، بابەک کەریمی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆیی» سزای ٥ ساڵ بەندکران، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ٢ ساڵ بەندکران و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، لە کۆی ٩ ساڵ بەندکرانەکەی ئەم هاووڵاتییە، گەورەترین سزاکە کە ٥ ساڵ بەندکرانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بابەک کەریمی لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ئەیوانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام. ئەم هاووڵاتییە لەو دەستبەسەرگەیە و لە کاتی لێپرسینەوەکاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە.

بابەک کەریمی دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلام کرا و ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندان (٦ی فێبرییە) بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.