سامان پاشایی، پاڵەوانی پێشووی زۆرانی لاوانی ئێران و جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشیی خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە دەروازەی شاری سەقز دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: «ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) سامان لە سنەوە بۆ سەقز دەگەڕایەوە کە لە بەردەم بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی کە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز و بە پەلامار و لێدانەوە بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە.

سامان پاشایی ڕۆژی یەکشەممە و دوای دەستبەسەرکران یەکسەر ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە. ئەم وەرزشکارە کوردە حەفتەی پێشوویش لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکار و مامۆستای زانکۆیە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەی ساڵی ڕابردوودا، هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییاندا کە بەتایبەت لە سەقزی زادگەی ژینا ئەمینیدا دەستی پێ کردووە.

سامان پاشایی، دوکتۆرای فیزیۆلۆژی، مامۆستای بەشی خۆراکی وەرزشی و فیزیۆلۆژیا لە زانکۆی ئازادی سەقز، ئەندامی ئەکادیمیای دوکتوریی وەرزش لە ئامریکا و پاڵەوانی سێهەمی زۆرانی فەرەنگیی دنیایە لە ساڵانی ڕابردوودا.

سەردار پاشایی، ڕاهێنەری پێشووی تیپی نیشتمانیی لاوانی زۆرانی ئێران و برای سامان پاشایی، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی پووشپەڕ (٣ی جولای) لە ئێکاونتی تویتەرەکەی خۆیدا هەواڵی دەستبەسەرکردنی براکەی پشتڕاست کردبووەوە.