سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سامان پاشاییدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم وەرزشکارە کوردە بەردەست نەکەوتووە. سامان پاشایی پاڵەوانی پێشووی زۆرانی تازەلاوانی جیهان، مامۆستای زانکۆ و ڕاهێنەری وەرزشی خەڵکی سەقزە کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ (٢ی جولای) لە کاتی گەڕانەوەدا لە سنەوە بۆ سەقز لە بەردەم بنکەی پۆلیسی هاتوچۆی ئەم شارەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا و سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵە بۆ دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی سامان بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکارە کوردە کە بە شێوەیەکی توندوتیژئامێز و بە پەلامار و لێدانەوە بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیشی و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیدا گرتووە. سامان پاشایی لە کۆتایی جۆزەردانیشدا (ژوەن) لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کرابوو و خرابووە ژێر لێپرسینەوە.

دەستبەسەرکردنی ئەم وەرزشکار و مامۆستای زانکۆیە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی سەرهەڵدانەکەی ساڵی ڕابردوودا، هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیاندا کە بەتایبەت لە سەقزی زادگەی ژینا ئەمینی دەستی پێ کردووە.

سامان پاشایی، دوکتۆرای فیزیۆلۆژی، مامۆستای بەشی خۆراکی وەرزشی و فیزیۆلۆژیا لە زانکۆی ئازادی سەقز، ئەندامی ئەکادیمیای دوکتوریی وەرزش لە ئامریکا و پاڵەوانی سێهەمی زۆرانی تازەلاوانی فەرەنگیی دنیایە لە ساڵانی ڕابردوودا.