ئەیوب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەرداندا (١٠ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە سزای پازدە ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکە مەدەنییە کە لە زیندانی سەقزدایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەیوان جیهانی، بە گشتی سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بەپێی حوکمەکەی دادگا کە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان (٢١ی ژوەن) لە زیندانی سەقزدا بەم چالاکە مەدەنییە ڕاگەیەنراوە، بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت»، «بەڕێوەبردنی کۆمەڵەیەکی زیاتر لە دوو کەس لە ناوخۆی وڵاتدا بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ڕیز سزای ساڵێک بەندکران، ١٠ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ بەندکران و ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ١٠ ساڵ لەم حوکمە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەیوب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز  لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەرداندا (١٠ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. دەوترێت ئەم چالاکە مەدەنییە بەبێ مۆڵەتی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەیوب جەوانپوور دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆبوونەوەی دادگاکەی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بەڕێوە چووە.