ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز (٢١ی دیسامبەر) دوو زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام کە ناسنامەی یەکێکیان کەرەم لوڕستانی ڕاگەیەنراوە، بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا کراون. ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز (٢١ی دیسامبەر) دوابەدوای گواستنەوەی ئەم دوو بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بەرپرسانی زیندانی پارسیلۆنی خوڕەمئاوا بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار (٢٣ی دیسامبەر) هەردووکیان لە سێدارە دەدرێن.

کەرەم لوڕستانی، ٥٠ ساڵان و خەڵکی شاری برووجێردی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.