ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز (١٦ی دیسامبەر) لە لایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردن نێردراوەتە بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کەیفەریی کرماشان. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە ئێستە لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشاندایە، لە بەردەم مەترسیی لەسێدارەدانی خێرادایە.

کەسێکی نزیک لەم زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار (٣١ی دیسامبەر) سزای لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی دوای تێپەڕینی ٢ حەفتە بەسەر پەسەندکرانیدا لە لایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای ئێرانەوە، نێردراوەتە بەردەم بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای کەیفەریی کرماشان».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەهمەن ڕەیحانی، فەرماندەی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان و ژمارەیەکی تر لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران، داوایان کردووە زۆر خێرا سزای لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە جێبەجێ بکرێت.

بەپێی نوسخەیەک لە دادنامەکەی لقی ١٧ی دیوانی باڵای ئێران کە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز (١٦ی دیسامبەر) ئەم لقەی دیوانی باڵا بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی و بۆچوونی پزیشکی پشکێنەری پزیشکیی دادی شاری سەحنە، حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەی پەسەند کردووە.

لە دادنامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بۆ لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە دەبێ ئیزن لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەربگیرێت.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسانی خەڵکی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشانەوە بە تۆمەتی «هاودەستی لە کوشتنی بەئەنقەست»ی نادر بەیرامیدا، سەرۆکی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سەحنە، «هاودەستی لە ئەنجامدانی بریندارکردنی بەئەنقەستدا بەبێ کوشتن»، «نمایشکردن و خۆنواندن بە چەقۆوە» و «تێکدانی ئارامیی گشتی لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)، پێدانی دیە، ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپا.

ساڵی ڕابردوو ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی یارسان، کە ڕۆژی ٢٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشاندا بەڕێوە چوو، لەژێر کاریگەریی سەرهەڵدانە سەرانسەرییەکەی دوای کوشتنی حکومەتیی ژینا ئەمینیدا، بوو بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی جەماوەری.

هێزە سەربازی-ئەمنییە جێگیرکراوەکان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکەدا، لە وەڵامی دروشمەکانی خەڵکدا بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هێرشیان کردە سەر بەشداربوان و ژمارەیەی زۆریان دەستبەسەر کرد. تا چەند ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمەکەیش کەشێکی ئەمنی باڵی بەسەر شاری سەحنەدا گرتبوو. ڕۆژێک دوای ئەو ڕێوڕەسمە، هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە نادر بەیرامی، لە کاربەدەستە پلەباڵا ئەمنییەکانی شاری سەحنە، لەو ڕێوڕەسمەدا کوژراوە.

هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهی لە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١دا (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) ڕەزا ڕەساییان لە شەهریاری پارێزگاری تاراندا دەستبەسەر کرد کە یەکێک بوو لە بەشداربوانی ڕێوڕەسمی بیست و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاد، پاشان گواستیانەوە بۆ شاری سەحنە و بۆ ماوەی حەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا خستیانە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە تاکوو «بەشداریکردن لە کوشتن»ی نادر بەیرامیدا قبووڵ بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەشکەنجە و لێدان بە شۆکەری کارەبا، دروستکردنی هەستی خنکان لە ڕێگای کردنی توورەکەیەک بە سەردا، «جووجەکردن» کە دەست و پێی کەسەکە لە پشتەوە دەبەستن بە یەکەوە و بە زنجیرێک لە سەقفەوە هەڵیدەواسن، لە ڕیزی ئەو ئەشکەنجانەدا بوون کە لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی سەحنە و کرماشاندا ڕووبەڕووی ڕەزا ڕەسایی کراوەتەوە. بە چەشنێک کە پەنجەکانی پێ، دەست و شانی شکابوون.

ئەم هاووڵاتییە کوردە یارسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای کرماشان کرا و دوای چەند حەفتەیەک ئەم جارە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی گیانبەختکردنی سەیدخەلیل عالینژاددا، لە زیندانی دیزڵئاواوە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی کرماشان کران.

کۆبوونەوەکانی دادگاییکردنی ڕەزا ڕەسایی لە چەند مانگی ڕابردوو و لە سێ جاردا لە لقی ٢ی دادگای کەیفەریی یەکی کرماشان بەڕێوە چوو. دوای کۆتاکۆبوونەوە لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣)، ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەر (٧ی ئۆکتۆبەر) بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕەزا ڕەسایی لە کۆبوونەوەکانی دادگادا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی سەحنەدا بە هۆی «ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن»ـەوە ناچار بووە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت و هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە.

لەم دۆسیەیەدا ٦ هاووڵاتیی یارسانی دیکە بە ناوەکانی فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەیدڕەسوول ڕەزەوی، سەیدمەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقیی مەنجق، پووریا مینەتیی مەنجق تەپه و شوجاع مینەتیی مەنجق تەپه بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی گشتی» لە ڕێگای ئاژاوە و مشتومڕەوە سزای ساڵێک بەندکران و ٧٤ قامچییان بەسەردا سەپاوە.