تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ی پووشپەڕ (٦ی جولای) مەتین حەسەنوەند، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، ڕۆژێک دوای ئەوەی مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا و لە زیندانی ماکۆ ئازاد کرا، لە هەوڵێکی خۆکوشتندا گیانی لەدەست داوە.

تا ئێستە لەسەر هۆکاری خۆکوشتنی ئەم زیندانییە سیاسییە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

مەتین حەسەنوەند ٢٢ ساڵان، گەڵاڕێزانی ١٣٩٩ (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە کاتێکدا کە لە یەکێک لە پادگانەکانی شنۆ لە سەربازی (عەسکەری)دا بوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای نزیکەی مانگێک لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی ورمێ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا و لە لایەن دادسەرای سەربازیی ورمێوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ماکۆی بەسەردا سەپا.

ئەم حوکمە دوای چەند مانگ وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ناوبراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ماکۆ.