بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) مامۆستا فەتحوڵلا ڕوستەمی، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی «مارغان»ی سەردەشت کە لەگەڵ کاروانێکی یارمەتیدا بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی خۆی بەرەو ئەو شارە دەچوو، لە دەروازەی ورمێدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەوترێت هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی ئەم مامۆستایەیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٠ مامۆستای ئایینیی کوردی سوننە لە شارەکانی ورمێ، پیرانشار، سەردەشت، جوانڕۆ و سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.