بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندان (١٦ی فێبرییە) مامۆستا یوونس نەوخاە، لە وانەبێژانی مەدرەسەی زانستە ئایینییەکانی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەنداندا (٢٤ی ژانڤییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو. ئەم مامۆستا ئایینییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوابەدوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

مامۆستا یوونس نەوخاە لە کۆتایی بەفرانباری ئەمساڵدا (ژانڤییەی ٢٠٢٣) لە لایەن دادگای تایبەتی مەلاکانی تەبرێزەوە بە گشتی حوکمی ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و داماڵینی هەمیشەیی جلوبەرگی مامۆستایەتیی بەسەردا سەپابوو.