تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەقز بە ناوی شەهلا چووپانی لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ٣ مانگ بەندکران و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.

ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەنراوە.

هێزە ئەمنییەکان ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ (٢٧ی ژوەنی ٢٠٢٣) هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شەهلا چووپانی لە گەڕەکەی «قەوەخ»ی شاری سەقز و ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەستبەسەر کرد و گواستیانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. شەهلا چووپانی دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان بە بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.