تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێی پارێزەر و نزیکانی حەیدەر قوربانییەوە، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی سنە، زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە ئارادایە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوا لە چالاکانی نێو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیاندنە گشتییەکان و هاووڵاتییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات هەموو هەوڵی خۆیان بۆ بەرگرتن بە جێبەجێکردنی حوکمەکەی حەیدەر قوربانی بخەنە گەڕ.

هەرچەندە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانەدا ئەم جۆرە حوکمانە دەر دەکات، زۆرجار بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەڵگەنامە یاساییەکان، ناڕەزاییە نێونەتەوەییەکان و گوشارەکانی ڕای گشتی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان و چالاکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەرک و بەڵێنی ئێمە وا دەکات لە تەنیشت ئەو هەوڵە یاساییانەی لە دووتوێی یاسا نێوخۆییەکانی ئێراندا لە لایەن پارێزەران و بنەماڵەکانەوە بە ئەنجام دەگەیەنرێت، ئێمەیش هەوڵەکانمان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە حوکمە نادادپەروەر و نامرۆڤانەیە درێژە پێ بدەین.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانی، لەم ڕۆژانەی دواییدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر ئەگەری جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پارێزوانەکەیدا، ڕای گەیاندووە: «دادگای شۆڕشی ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی «بەغی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاندووە، لە حاڵێکدا کە مەرجی ئەنجامدانی تاوانی بەغی ئەندامبوونە لە گرووپێکی چەکدار و بەکارهێنانی چەک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا. پارێزوانەکەی من تەنانەت لەو دۆخە دژوار و سەختەشدا کە تێی پەڕاندووە، بە هیچ شێوەیەک دانی بە ئاوا شتێکدا نەناوە و تاکەبەڵگە بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتە ئیدیعاکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سنە و کامێرانە».

لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای داگاییکردنی کەیفەری لە دۆسیەکەی حەیدەر قوربانیدا لە لایەن سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای کوردستانەوە، نیگەرانییەکان لە ئاست جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییەدا پەرەی سەندووە. پارێزەرەکەی دەڵێت: «ئێستا حوکمەکە پەسەند کراوە و ئەگەڕی جێبەجێکردنی خێرای لە ئارادایە».
ئەمە لە حاڵێکدایە کە ساڵح نیکبەخت لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێریی ئیلنا ڕای گەیاندبوو کە هیوادارە بە قبووڵکردنی داواکاریی پیاچوونەوە بە دۆسیەکەدا: «دوابەدوای داواکاریی ٥٠ کەس لە زانایان و بەرنوێژانی کوردستان و هەروەها داواکارییەکەی من و پارێزوانەکەم (حەیدەر قوربانی) بۆ پێڕەوکردنی مادەی ٤٧٧ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، خۆشبەختانە ئەم داواکارییە لە تارانەوە نێردراوەتەوە بۆ دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان و دەبێ سەرۆکی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای کوردستان لەم داوایە بکۆڵێتەوە».

حەیدەر قوربانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران، لە ڕەزبەری ١٣٩٦دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و ئیدارەی ئاگاهیی ئەم شارە خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە تاکوو بە زۆر دان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

لە ڕەشەمەی ١٣٩٦دا دانپیانانە زۆرەملێکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کەناڵی پرێس تیڤییەوە و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بۆ بڕایەوە.

لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا دۆسیەکەی تری ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و لە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ لە زیندانی ناوەندیی سنە پێی ڕاگەیەنرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.

لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩دا ئەم حوکمە لە لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و مانگێک دواتر داواکارییەکەیشی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە ڕەت کرایەوە. حەیدەر قوربانی ئێستا لە بەندی سیاسیی زیندانی ناوەندیی سنەدایە و پێدەچێ هەردەم حوکمی لەسێدارەدانی جێبەجێ بکرێت.